بەھۆی رووخانی دیوارێکەوە لە کەرکوک سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا
ئەمرۆ شەممە ١٠ی نیسانی ٢٠٢١ لەشاری کەرکوک بەھۆی رووخانی دیوارێکەوە سێ کرێکار بونە قوربانی.
سەرچاوەیەک لەبنکەی پۆلیسی رەحیماوا رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەرامبەر جەواھیر مۆڵ لەشاری کەرکوک بەھۆی رووخانی دیوارێکەوە سێ کرێکار بوونەتە قوربانی.
سەرچاوەکەی پۆلیس ئاشکراشیکرد، رووداوەکە لەکاتێکدا بوە کەئەو کرێکارانە سەرقاڵی پاککردنەوەی ژێر دیوارێک بوون لەو کاتەدا دیواری ماڵەکەی تەنیشتیان بەسەریان رووخاوە و بەھۆیەوە ئەو کرێکارانە بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، دوو لەکرێکارەکان خەڵکی ناوچەی حەمزەلی و سێیەمیشیان دانیشتوی ناحیەی ریازی سەر بەقەزای حەویجەیە.
سەرچاوەکەی پۆلیسی راشیگەیاندووە، خاوەنی ئەو خانوەی دیوارەکەیان بەسەر کرێکارەکاندا روخاون لەلایەن بنکەی پۆلیسی رەحیماوا دەستگیرکراوە و بەپێی ماددی ٤١١ دەستبەسەرە.