نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كێشەكان چی گوت؟
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە… و دەبێت پێكەوە چارەسەری كێشەكان دابنێن.
نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیداو لەبەغدای پایتەختی عیراق رایگەیاند:” دوای پەسندكردنی یاسای بودجە بە پێویستمان زانی ئەم سەردانە بۆ بەغدا بكەین و یەكەم شت سوپاسی فراكسیۆنەكان بكەین.. كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە، پەیوەندی بە بابەتی ماددەی 140ـەوە هەیە، پەیوەندی بە كەركووك و شنگال شوێنەكانی دیكەوە هەیە. ئەوەی كە گرنگە ئێمە دەبێت پێكەوە چارەسەر دابنێین بۆ هەموو ئەو كێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن.”
وتیشی:” بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، عیراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی دەڕوات و هەر پێشكەوتنێك لەوبارەیەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە و لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە بە شێوەیەكی گشتی.”
رۆژی شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی، جێنین هێنس پلاسخارت و فائق زێدان كۆبووەوە. ئەمڕۆش زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجامداوە.