داوا لە جووتیاران دەکرێت گەنمەشامی بچێنن
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان داوای لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کرد، گەنمەشامی بچێنن، چونکە دواتر ڕاستەوخۆ لە لایەن کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامییەوە لێیان وەردەگیرێت و ساغدەکرێتەوە.
وەزارەتی کشتوکال ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ لەگەڵ خاوەنی کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی کۆبووەتەوە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی لێکتێگەیشتنێک لەنێوان کارگەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکان بۆ ئەوەی گەنمەشامی لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داوای لە جوتیارانی هەرێم کردووە گەنمەشامی بچێنن، بۆ ئەوەی دواتر لەلایەن کارگەکانەوە راستەوخۆ بەرهەمەکانیان بۆ ساغبکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ خاوەنی کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی گفتوگۆ کراوە بۆ داینکردنی باشترین بنەتۆی گەنمەشامی بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە دەستی حوتیاران لە پێیناو کەمکردنەوەی گەنمەشامی هاوردە بۆ بازارەکان و کارگەگانی هەرێم، کە ئامانجی سەرەکی گەیشتنە بە خودبژێوی لە بەرهەمهێنانی گەنمەشامیدا.