مووچە بە لێبڕینی مانگی رابردوو دابەش دەکرێت
وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت بە لێبڕینی 21% موچە دابەشدەکەن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی کۆبونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکان رایگەیاند، “لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت و موچە هاوشێوەی مانگی رابردو بە لێبڕینی 21% دابەش دەکرێت”.
ئەوە یەکەمجار بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم بەرونی باسی بەردەوامی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات لە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق، کە ماوەی چەند مانگێکە 21% لە موچەی فەرمانبەران و 50% لە موچەی پلە باڵاکان دەبڕێت.
ئەمڕۆش لە نوسراوێکدا کە واژۆی 42 ئەندامی پەرلەمانی کورستانی لەسەرە و تیادا هاتوە، “داواکارین پاڵپشت بە ماددەی (66) بڕگەی یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان داواکارین دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبونی لایەنی پەیوەندار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت”.