كەنەدا هەناردەكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ توركیا رادەگرێت
بەهۆی بەكارهێنانیان بە شێوەیەكی هەڵە لە ململانێ سەربازییەكاندا، كەنەدا هەناردەكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ توركیا ڕادەگرێت.
مارك جارنۆ وەزیری دەرەوەی كەنەدا ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە كە هەناردەكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ توركیا ڕابگرن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیاندا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو فڕۆكانە لەلایەن هێزەكانی ئازربێجانەوە لە هەرێمی قەرەباغ بەكارهێنراون، ئەمەش لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی كەنەدا و ئەو گرەنتیانە ناگونجێت كە توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی ئەو فڕۆكانە دابووی.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارەشدا، باڵیۆزخانەی توركیا لە كەنەدا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای كرد هاوپەیمانەكانیان لە ناتۆ خۆیان بە دوور بگرن لە هەر هەنگاوێك كە كاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا دروست بكات.