ئەهواری عێراق مەترسی وشکبوونی لەسەرە
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز تیشکیخستووەتەسەر ناوچەی ئەهوار لەخوارووی عێراق کە ناوچەیەکی ئاوییە و دەکەوێتە نزیک سنوری باشوری ڕۆژهەڵاتی عێراق و مەترسی وشکبوونی لەسەرە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی نیویۆرک تایمز، جارێکی دیکە ئەهواری عێراق هەڕەشەی وشکبوونی لەسەرە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لەکەشوهەوادا ڕوویانداوە و نەبوونی هۆشیاری ژینگەیی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەمانەش گرنگتر، دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و سوریاوە لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی هۆکاری هەبوونی ئەهوارن.
ناوچەی ئەهوار شوێنی ژیانی کەسانێکە لەژێر ناوی “مەعدان” کە بە عەرەبی ئەهواریش ناسراون و لە قوڵایی ناوچە شێدارەکان و ئەو شوێنانەدا دەژین کە خەڵکی زیاتر لەڕێی بەلەمەوە سەردانیان دەکەن.
ساڵی 2018، بەهۆی کەمی بارانبارین هاوینێکی گەرم رووی لەعێراق کرد هەر ئەوەش هۆکاربوو بۆ کەمبوونەوەی ئاو و وشکبوونەوە بەجۆرێک ئاستی ئاو لەهەندێک ناوچە سێ پێ دابەزی.
بەهۆی کەمی ئاوەوە بەشێکی زۆر لەدانیشتوانی ناوچەکانی ئەهوار ڕوویان لەبەغدا و بەسڕە و شارەکانی دیکەی عێراق کرد، بەڵام دوای چەند مانگێک ئاستی ئاوی ئەهوار و ناوچەکانی دەوروبەری ڕووی لەزیادبوون کردەوە و بەشێک لە کۆچبەرەکان گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.
بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەگەر ئەمجارە ناوچەکانی ئەهوار وشکببنەوە، ئەوا مەترسی ڕاستەقینە رووبەڕووی گەلی مەعدان دەبێتەوە و جگە لەجێهێشتن بژاردەیەکی دیکەیان نابێت.