رۆحانی بۆعێراق: ئەمریکییەکان یاری دژی تیرۆردەکەن
حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئێران لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقی ڕاگەیاند، ئەمریکییەکان یاری دووسەرە دژی تیرۆر دەکەن و کارەکانیان لەسەر سنوری عێراق و سوریا ڕوون نییە.
رۆحانی جەختی لەوەکردەوە، ئەمریکییەکان هەمیشە ڕۆڵی تێکدەرانەیان لەناوچەکەدا گێڕاوە و بوونی هێزەکانیانشیان یارمەتیدەر نەبووە لەهێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە، وتیشی: دەکرێت بەغدا و تاران لەڕێی برەودان بە هەماهەنگی دوولایەنە ڕۆڵی گرنگ لەپەرەسەندنە هەرێمییەکاندا بگێڕن.
لەبارەی ئاسایشی عێراقیشەوە رۆحانی ئاماژەی بەوەکرد، ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانیشە و پتەوکردنی هێز و سەربەخۆیی و دەستگرتن بە پێگە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکەیەوە بۆ ئێران گرنگە.
هاوکات سەرۆکایەتی ئێران لەزاری سەرۆک کۆماری عێراقەوە ڕایگەیاند، کۆتاییهێنان بەمانەوەی هێزە بیانییەکان لەعێراق بڕیارێکی جددیە و هەر لەمڕووەوە دانوستانی ستراتیژی و بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامە.