نەناردنەوەی روفاتی ئەنفالکراون بۆ هەرێم ئاشکراکرا
بەڕێوەبەری دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق هۆکاری نەناردنەوەی روفاتی ١٧٢ ئەنفالکراو بۆ هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت، چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA ) کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەن.
لە لێداونێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، د. تارق جیهانبەخش بەڕێوبەری گشتی دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دامەزراوەکەیان نزیکەی ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دۆزیوەتەوە کە تەرمی ژن و پیاو و منداڵیشیان تێدایە.
وتیشی، “لە ناوچەی سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوتەوە کە تەرمێکی زۆری تێدابووە و ١٧٢ کەسیشیان خەڵکی گەرمیان بوون بۆیە داوا لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەکەم بچن بۆ نەخۆشخانە و پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA ) بکەن و ئەنجامەکەی بنێرێن بۆ ئێمە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاش وەرگرتنی ئەنجامی پشکنینەکانی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی کوردستان و بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەو پشکنینانەی کە دامەزراوەی شەهیدان و قوربانیانی عێراق بۆ ئەو تەرمانەی کردووە، کەسوکاریان دەدۆزرێتەوە و دواتر لە رێوڕەسمێکدا تەرمەکان رەوانەی هەرێم دەکەنەوە.