“ژمارەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر زیاددەكات”

گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستیانپێكردەوە و بەڕێوبەری فڕۆكەخانەكەش ڕەتیدەكاتەوە، دوبارەبوونەوەی هێرشەكان بووبێتە كەمبوونەوەی گەشتەكان و دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە زیاتر دەبن.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی نیسان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەكەی شەوی ڕابردوەوە گەشتەكانی فڕۆكەخانە لە كاتژمێر 10:00ی شەوەوە تا كاتژمێر 03:00ی بەرەبەیانی ڕاوەستا و دواتر بە گەشتێك بەرەو ئوردون دەستیپێكردەوە.

وتیشی، “هێرشەكەی شەوی ڕابردوو هیچ زیانێكی گیانی لەنێو فڕۆكەخانەدا لێنەكەوتووەتەوە”.

دەربارەی ئەوەی ئایا دووبارەبوونەوەی هێرشەكان نەبووەتەهۆی كەمبوونەوەی گەشتی ئاسمانی كۆمپانیاكان لەگەڵ هەولێر، ئەحمەد هۆشیار وتی، گەشتەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێر “بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوامە و هیچ كەمكردنەوەیەك نەبووە”، بەپێچەوانەوە لە ڕابردوودا كە 156 گەشتی هەفتانە هەبووە، لە هەفتەی داهاتووەوە ژمارەی گەشتەكان بۆ 215 گەشت زیاددەكەن.

بەڕێوبەری فڕۆكەخانەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، 11 كۆمپانیای نێودەوڵەتی و 38 كۆمپانیای ناوخۆیی لەنێو فڕۆكەخانە كاردەكەن و ڕەتیشیكردەوە هیچ كۆمپانیایەك كاركردن لەگەڵیاندا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەكانەوە ڕاگرتبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *