کۆنسوڵخانەی ئەمریکا: تاوانبارانی هێرشەکەی هەولێر دەدەینە دادگا

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا هێرشەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکیا لە باشیک سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەولێر و بەغدا کاردەکەن بۆ راپێچکردنی تاوانبارانی هێرشەکان بۆ بەردەم دادگە.

کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە پەیجی فەرمیی کۆنسوڵخانە لە فەیسبووک رایگەیاندووە: “هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر بنکەی ئاسمانیی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین. لەگەڵ هاوبەشانمان لێرە لە هەرێمی کورستان و حکومەتی عێراق کاردەکەین بۆ راپێچانی تاوانبارانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگا”.

هەروەها کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایدەگەیێنیت “هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق شایستەی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین”.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-04-2021 نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە “ئێجگار توڕەبووین بە هەواڵی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق. خەڵکی عێراق ئازار و مەینەتی زۆریان بەدەست ئەم جۆرە تووندوتیژی و پێشێلکردنە بینی کە کراوەتە سەر سەروەری خاکیان.”

دەوروبەری کاژێر 09:50 خولەکی شەوی 14-04-2021 هێرشکرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکە رایگەیاند “هێرشەکە لەڕێگەی درۆنی TNT کراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لەناو فڕۆکەخانە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *