رێواز فایەق لەبارەی حکومەت چی گوت؟
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، بە زۆرینەیەكی ڕەهاو بە زیاتر لە 89-90 دەنگ متمانەی وەرگرتووە، وە هەر ساتێك كابینەكە بخرێتە بەر پرساندن و بهرێنەتەوە ناو پەرلەمانی كوردستان كابینەكە متمانە وەردەگرێتەوە.
د. رێواز فایەق، بەبەشی كوردی دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە:” باوەڕی خۆم وایە ئەو سەرۆك وەزیرانە یان جێگری سەرۆك وەزیرانە یان ئەو وەزیرەی دوای ئەوەی گومانی لەسەر دروست دەبێت و قسەی لەسەر دروست دەبێت و دێتە پەرلەمان جارێكی تر متمانە وەردەگرێتەوە عەدادەكەی سفر دەبێتەوە واتە ڕیفرێش- تازە دەبێتەوە وەكو وایە جارێكی تر متمانەی وەرگرتبێتەوە لەبەر ئەوە ئەسڵ ئەوەیە كە ئێمە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ پەرلەماندا بكەین بەڵام نەبووەتە عادەت لە سی ساڵی ڕابردوودا یان لە بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا جگە لەو حاڵەتەی دكتۆر بەرهەم هاتووە بە ناوی پرساندن هیچ كەسێكی تر نەهاتووە پەرلەمان.”
سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر بابەتی چاودێریكردنی پەرلەمان بەسەر حكومەتەوە وتی:” ئەگەر لە من بپرسرێت ئەگەر من حیزبی سیاسی یەكەم بم، ئەگەر من زۆرینەی پەرلەمانی بم و حكومەتم دروستكردبێت بە بەردەوامی لە كاتی قەیراندا بیر لەوە دەكەمەوە كە سەرۆك وەزیران و كابینەكە بهێنمە بەردەمی پەرلەمان بە ناوی پرساندنەوە جارێكی تر متمانەیان پێبدەمەوە ئەگەر عەقڵیەتی سیاسی ئێمە كراوەبێت و بیەوێت مامەڵە لەگەڵ قەیراندا بكات بە عەقڵیەتێكی كراوە، ئەسڵ ئەوەیە گومان لەسەر متمانەی پەرلەمان وە متمانەی خەڵك بە كابینە دروست بوو باشترین بیركردنەوە ئەوەیە كابینە بهێنرێتەوە بەردەمی پەرلەمان لە كاتێكدا زۆرینەی زەمانە لەبەر ئەوە پێویست ناكات بەو دوودڵیەوە وەربگیرێت، ئەمە بە دوودڵیەوە مامەڵەی لەگەڵ كراوە جگە لەو حاڵەتە.”
د. رێواز فایەق، ئاماژەی بەوەشكرد، وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەم لەسەر داوای پەرلەمانی كوردستان هەم بە دەستپێشخەری خۆیان لە سەرۆك وەزیرانەوە بۆ وەزیرەكان ئەوەندە هاتوونەتە پەرلەمان وایلێهاتووە دەتوانم بڵێم هەموو هەفتەیەك وەزیرێك لە پەرلەمانە یان لە لیژنەكانە یان لە ناو هۆڵی پەرلەمانە، لە چ خولێكی پەرلەماندا ئەوەندە وەزیر هاتۆتە ناو پەرلەمانی كوردستان، ئیشكالیەتی ئەمە لە چیدایە؟”
لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەوە سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:” بۆخۆم پێموایەو ڕۆژی دووشەممەش ئەوەمان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتووە لەبەر ئەوەی شەش حەوت ساڵە پرۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندنەكراوە كە ئەمە تا ئەوپەڕی نایاساییەو تا ئەوپەڕی یاسا شكێنیە لە هەرێمی كوردستاندا كراوە هەم بۆ ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە دەستكەوت و دەبێتە سەرەتایەك بۆئەوەی جارێكی تر حكومەت دەست بە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بكات و لای ئێمەوە گفتوگۆ بكرێت و پەسەند بكرێت چونكە تەنانەت لە خراپترین دۆخی هەرێمی كوردستاندا پرۆژە یاسای بودجە هەبووە و پەسەندكراوە ئەگەر شكڵیش بوو بێت.”