بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە هێرش دەكاتەسەر حەشدی شەعبی
دەنگ نیوز:
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان، هێزەكانی حەشدی شەعبی بە هێزێكی كۆنتڕۆڵنەكراو وەسفدەكات و راشیدەگەیەنێت، پێویستە لەو ناوچانەی كە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، تەنیا سوپای عێراقی لێبێت و نابێت حەشدی شەعبی لەوناوچانە هەبێت، چونكە بوونیان لەو ناوچانە بۆخۆی دەرفەتێكە، بۆئەوەی گرووپی تیرۆریستی دەرفەتی باشتر ببینن.
سەربەست لەزگین لە لێدوانێكدا بۆ سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە، رەتیكردەوە هێزەكانی پێشمەرگە هێرشیان كردبێتە سەر سەنگەرەكانی حەشدی شەعبی و رایگەیاند: وەك وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عیراق بە جددی كاردەكەین بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی نێوانمان، كە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بۆئەوەی چیتر ئەو گروپە تیرۆریستییانە نەتوانن بۆشاییە ئەمنییەكە بقۆزنەوە.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، هێرشەكەی چەند شەوی رابردووی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە مەترسی ناوبرد وتی:” شێوازی بەكارهێنانی درۆن، شێوازێكی نوێیە لە كردەوەی تیرۆرستی، بۆیە ئەمە پێشهاتێكی مەترسیدارە”.
بەپێویستیشی زانی ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكرێن، بۆ ئەوەی گروپە تیرۆرستییەكان نەتوانن دەرفەت وەربگرن و لەوناوچانە هێرش بكەنە سەر ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی شوێنی هەڵدانی درۆنەكە، كە فڕۆكەخانەی هەولێری كردە ئامانج، ووتی: “تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی ئاشكرا نەكراوە، كە ئەو درۆنە لە چ شوێنێك هەڵدراوەو هەتا ئێستا پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵام لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، هەموو پێشبینی ئێمەش بۆ ئەوە دەچێت، كە ئەو كارە لەو ناوچانە ئەنجامدرابێت، كە بارودۆخیان ئارام نییە، هەروەها هەبوونی حەشدی شەعبیش لەژێر ناوی جۆراوجۆر لەو ناوچانە كە حكومەتی عیراق كۆنترۆڵی لەسەریان نییە، وادەكات ئەو گروپانە دەرفەت وەربگرن و بەپێی بەرنامەو پلانی تایبەتی خۆیان لەو ناوچانە دەستدرێژی بكەنە سەر هەرێمی كوردستان”.
سەربەست لەزگین راشیگەیاند، لەبارەی ئەو هێرشانەوە گفتوگۆیان لەگەڵ حكومەتی عیراق كردووە و پێیان راگەیاندووە كە پێویستە لەو ناوچانە تەنیا سوپای عیراقی لێبێت و نابێت حەشدی شەعبی لەو ناوچانە هەبێت، چونكە بەوتەی خۆی “هەبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە بۆخۆی دەرفەتێكە، بۆئەوەی گروپی تیرۆریستی دەرفەتی باشتر ببینن و لەو دەڤەرانە گەشە بكەن، رەنگە هاوكاریشیان بكرێت، چونكە بەراشكاوانە دەیڵێم هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عیراقدا كۆنترۆڵ نەكراون”.