پەرلەمانی ئەوروپا داوای ناوی چالاكوانانی بادینان دەكات
پەرلەمانی ئەوروپا بەدواداچوون بۆ كەیسی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی سنوری بادینان دەكان و بۆئەوەش داوای زانیاری لەكەس و كاری گیراوان و سزادراوان كردووە.
ئەیهان سەعید نوێنەری كەسوكاری سزادراوانی بادینان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند دوای تاوتوێكردنى کەیسی گیراوان و سزادراوانی بادینان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا ئەوان داوای زانیاری وردیان لێكردوین لەسەر لیستێکی ناوی تەواوی زیندانیکراوانی هەرێمی کوردستان.
وتیشی،” تەواوی زانیارییەكانمان لەسەر گیراوان و سزادراوانی بادینان لەرێگەی كۆمیتەی مافەكانی مرۆڤەوە ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا كردووە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی سزادراوان و زیندانیكراوانی سنوری بادینان و هەولێر بەردەوام دەبن و تەواوی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپاش هاوكارییان دەكەن.