هێرشی مووشەكی كرایە سەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد

لەئەنجامی هێرشێكی مووشەكی كە ئێوارەی ئەمڕۆ كرایەسەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد، پێنج سەربازی سوپای عیراق برینداربوون، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش كە لەو بنكەیە جێگیركراون، خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ 18-4-2021، چوار موشەكی جۆری كاتیۆشا ئاراستەی سەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد لەسنووری پارێزگای سەڵاحەدین كرا، كە هێزێكی گەورەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و هێزێكی سوپای عیراقی تێدا جێگیركراوە.

سەرچاویەكی ئەمنیی لەناو بنكە ئاسمانییەكە ئاشكرایكرد، مووشەكەكان شوێنی مانەوەی هێزەكانی سوپای عیراقیان كردووەتە ئامانج، بەو هۆیەشەوە پێنج سەربازی عیراقی برینداربوون و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش سەلامەتن.

لەكاتی هێرشەكەشدا، زەنگی ئاگاداركردنەوە لەناو بنكە ئاسمانییەكە لێدراو هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لەماوەی رابردوودا چەندین هێرشی مووشەكی كراوەتە سەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد، كە گەورەترین بنكەی ئاسمانییە لە عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش تێیدا جێگیركراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *