فەرمانی دەستگیركردن بۆ 58 بەرپرس دەركرا

حكومەتی عیراق لەهەوڵەكانی بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی بەردەوامەو دەستەی دەسپاكیش ئاشكرایدەكات، لە مانگی رابردوودا فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردن بۆ 58 بەرپرسی ئێستاو پێشوو بەتۆمەتی گەندەڵی دەركراوە.

دەستەی دەسپاكیی عیراق، كە دەستەیەكی سەربەخۆیە و سەربە ئەنجومەنی نوێنەرانە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دادگا لە مانگی ئاداری رابردوودا، هەشت فەرمانی دەستگیركردن و ٥٠ فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ بەرپرسانی ئێستاو پێشووی حكومەت دەركردووە، كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئەو فەرمانانە بۆ ئەندامێكی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامێكی خولی پێشوو، هەروەها وەزیرێك و بریكارێكی پێشووی وەزارەت دەركراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو فەرمانی دەستگیردن و بانگهێشتكردنانە، پارێزگارێكی پێشوو و پارێزگارێكی ئێستا، هەروەها 25 بەڕێوەبەری گشتیی لە دامەزراوەكانی حكوومەت كە ژمارەیەكیان لە ئەركدان و ژمارەیەكی دیكەشیان پێشتر لە ئەركدابوون، لەگەڵ دوو قائیمقام لەخۆدەگرێت.

دەستەی دەسپاكی ئاماژە بەوەشداوە، لەنێو فەرمانی دەستگیركردن و بانگهێشتكردنەكاندا، ناوی 22 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەیە.

دەستەی دەسپاكی ناوی ئەو كەسانەی كە فەرمانی دەستگیركدن و بانگهێشتكردنیان بۆ دەركراوە، لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان كراوە، ئاشكرا نەكردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *