مەزڵوم کۆبانێ: پێویستە چارەسەرێکی درێژخایەن بدۆزرینەوە
دەنگ نیوز
“مەزڵوم کۆبانێ” فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات و “پێتەر ھولتکڤیست” وەزیری بەرگری سوید لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوە و پرسی ئەمنی و ئابووری و ڕەوشی کامپەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیانکردەوە لە ھەوڵەکان بۆ کۆتاییھێنان بە داعش.
لە کۆبوونەوەکەدا “مەزڵوم کۆبانێ” ڕایگەیاند، پێویستە چارەسەرێکی درێژخایەن بدۆزرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و دانیشتوانەکەی و پاڵپشتی کردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان، بۆ ئەوەی کاریگەری پاشماوەی تیرۆرستانی داعش لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کۆتایی پێبھێنرێت، ھەروەھا باسی لە ئۆپراسیۆنەکانی ئەم دواییەی ئاسایشی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لە کەمپی ھۆل کرد. وتیشی، پێویستە کاربکرێت بۆ گەڕانەوەی کەسوکاری داعشەکان بۆ وڵاتانی خۆیان.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگری سوید بە پێویستی زانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتگیری لە دەستەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بکات و ڕاشیگەیاند، بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەربەرزانە بۆ دانیشوانەکەی، یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە شکستھێنان بە داعش.