گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و تاران دەسپێدەكاتەوە
دەنگ نیوز
دوای وەستانی گەشتی فڕۆكەوانی نێوان سلێمانی-تاران بۆ ماوەیەكی زۆر بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بڕیارە جارێكی دیكە لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە گەشتەكانی نێوان هەردوولا دەستپبكاتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئۆفیسی وەرگرتنی ڤیزەی ئێران لە هەرێمی كوردستان، كە وێنەی دەست (دەنگ نیوز) كەوتووە، كۆمپانیای فڕۆكەوانی (قشم ئایر) كە كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی ئێرانیە، لە لیستی گەشتەكانی خۆیدا گەشتی(تاران-سلێمانی-تاران)ی بۆ ناو سیستەمەكەی زیاد كردوە.
هەر بەپێیی ڕاگەیەنراوەكە، كۆمپانیاكە، لە هەفتەیەكدا دوو گەشتی ڕۆیشتن و گەڕانەوەی داناوە، ئەوانیش ڕۆژانی یە كشەممە و چوار شەممەیە، یەكەم گەشتیش ڕۆژی 2-5-2021 لەنێوان تاران-سلێمانی كاتژمێر 3ی عەسر ئەنجام بدرێت.
بڕیاری كردنەوەی گەشتەكانی نێوان سلێمانی و تاران لەكاتێكدایە، تاكو ئێستا هیچ لایەنێكی فەرمی لە سلێمانی و ئێران باسیان لێوەی نەكردوە، تەنیا هەندێك زانیاری نافەرمی بڵاوكراوەتەوە، كە كۆمپانیای (كیا-پرواز) ئۆفیسی شاری سنە بەم كارە هەستاوە و ئەو فڕۆكەیەشی دیاری كراوە جۆری (ئەیرباسی 320)ــە.
ئۆفیسی وەرگرتنی ڤیزەی ئێران لە هەرێمی كوردستان جەختیشی كردۆتەوە، هەموو كەسێك دەبێت پێش گەشتكردن ڤیزەی ئێران وەربگرێت و بڕیار و ڕێنماییە تەندروستیەكانیش جێبەجێ بكات.