پەرلەمن یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەمواردەکاتەوە

دەنگ نیوز

هەردوو لیژنەی یاسایی و هەرێمەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران رێککەوتوون لەسەرهەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەردوو لیژنەکەش هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجام نادرێت.

سەرۆکی لیژنەی هەرێمەکان شیروان دووپردانی ڕایگەیاندووە: لیژنەی یاسایی هەمواری سێیەمی (یاسای ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکان)ی پێشکەش کردووە کە ٩٠%ی لە یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەچێت، لەڕووی ژمارەی بازنە و ئەندام و ژمارەی دەنگ و پشت بەستن بە سیستمی بایۆمەتری.

هەروەھا گوتوشیەتی: پێشنیار کراوە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان وەک ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بێت، هەروەها گوتوشیەتی: ئەو بڕگانەی کە شایانی ھەموارکردنەوەن لەبەردەستی لیژنەی یاساییدان و لەڕووی مەبدەئیشەوە هەردوولامان ڕەزامەندیمان لەسەر نواندووە کە هەموار بکرێنەوە.

دووپردانی روونیشی کردوەوەتەوە لەسەردانی کردنی ئەندامانی لیژنەکانیان بۆ لای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە ناتوانرێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی لە ڕووی هونەرییەوە فریاناکەون.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوونی کردووەتەوە کە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنەکان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسۆنی باڵای سەربەرخۆی هەڵبژاردنەکان، کاتێکیش هەموارکردنەکە تەواو بوو دەنێردرێت بۆ سەرۆک کۆمار.

حسین العقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایش ڕایگەیاندووە: یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان گرنگی و بایەخی زۆری هەیە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی خۆجێیەتی دەدات بە پارێزگاکان تا کارەکانی خۆیان بە لامەرکەزیی بەڕێوەببەن، جەختیشی کردووەتەوە کە حکومەتە خۆجێیەکان بە لەبەرچاوگرتنی ١٥ ساڵی ڕابوردوو پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە و لە ماوەی ئەو ھەموو ساڵەشدا بەھۆی خراپی یاساکەوە نەیانتوانیوە کارەکانی خۆیان بکەن و لەبەرامبەر چاوەڕوانی هاوڵاتیاندا نەبوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *