نێچێرڤان بارزانی: نیگەرانم لە بەشێکی میدیاکاندا زمانی ئاستنزم هەیە
دەنگ نیوز
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی(١٢٣) ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و(٢٣) ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستاندا،پەیامێک بڵاودەکاتەوە و پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی(١٢٣) ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و(٢٣) ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستاندا،پەیامێک بڵاودەکاتەوە و پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات .
لە بەشێک لە پەیامەکەیدا هاتووە :
رەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ رۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەکانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی کایەی رۆژنامەگەری بتوانێت ئەرکی خۆی لە هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و رۆڵی چاودێرانەی بەسەر کاری دامودەزگاکانەوە بە جۆرێک ببینێت کە ببێتە هاوبەشێکی کاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسی و کۆمەڵگەدا .
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیدا
لە یادی(١٢٣) ساڵەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و(٢٣) ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. پشتیوانیی تەواومان بۆ رۆژنامەنووسان و باوەری نەگۆڕمان بە ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین وەک بنەمایەکی سەرەکیی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازادیخواز، دووپات دەکەینەوە .
رەخساندنی ژینگەی ئارام و لەبار و هاندەر بۆ رۆژنامەنووسان و گەیشتنیان بە سەرچاوەکانی زانیاری و گواستنەوەی دوور لە هەر جۆرە بەربەستێک، زامنە بۆ ئەوەی کایەی رۆژنامەگەری بتوانێت ئەرکی خۆی لە هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و رۆڵی چاودێرانەی بەسەر کاری دامودەزگاکانەوە بە جۆرێک ببینێت کە ببێتە هاوبەشێکی کاریگەر لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسی و کۆمەڵگەدا .
چاوەڕوانین ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە و پیشەیییانە، بە رەچاوکردنی یاسا بەرکارەکان و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، راستگۆ، هاوسەنگ و بێلایەن، کاری خۆیان بکەن و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن. هەر پیشێلکارییەکی بواری رۆژنامەوانی، دەبێت بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت .
بە چاوی ڕێزەوە لە ڕۆڵی ئەو دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆیییانە دەڕوانین کە بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە چاودێریی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ڕاپۆرتەکانیان بە یارمەتیدەر و ڕێنیشاندەر بۆ پتەوترکردنی زەمینە و پاراستنی ئازادییەکان دەنرخێنین .
هەر لەم بۆنەیەدا نیگەرانیی قووڵم لەو دیاردە دزێو و زمانە ئاستنزمە دەردەبڕم کە بەداخەوە لە بەشێکی میدیا و سۆشیاڵ میدیای کوردستاندا سەریهەڵداوە، زمانێک نامۆ بە ئاکار و نەریتی کۆمەڵگەی کوردستان و بە مێژوو و کەلەپووری سەنگینی رۆژنامەگەریی کوردی و دوور لە هەموو ئیتیک و بەهایەکی ڕۆژنامەوانی. دەبێ بە هەوڵی هەموو لایەک سنوورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت و کۆتایی پێبێت .
خۆشحاڵین کە دوێنێ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری بۆ بە فەرمی ناساندنی ٢٢ی نیسان وەک رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەرکرد و لەم یادەدا دروود بۆ گیانی میر میقداد میدحەت بەدرخانی پێشەنگ و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین کە ژیان و پیشەکەیان خستە خزمەتی ئازادی و پێشکەوتنی گەلەکەیان و لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و گەشەپێدانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا گیانیان سپارد. هیوادارم یادەکانی داهاتوو پێکەوە لە دۆخێکی باشتردا بکەینەوە .
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٤/٢٢