لاهوورشێخ جەنگی: داوا دەکەین کۆتایی بە گرتن و ئەشکەنجەدانی رۆژنامەنووسان بهێنرێت

دەنگ نیوز

لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە یادی ١٢٣ ساڵەی رۆژنامەنوسی کوردیدا ڕایگەیاند: ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی هەموو ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووس و دەنگەئازا و ئازادانەین کە لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی کاری ڕاگەیاندندا پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداو و زانیارییەکان دەکەن و ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن .

دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی :

لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی ١٢٣ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان وەک یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەکەم، هیوادارم کاروانی ڕاگەیاندنی کوردی بەردەوام لە گەشەسەندن و پێشکەوتندا بێت .

ڕاگەیاندنی کوردی لە ڕابردوودا سەرباری ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی،‌ سەکۆیەکی بوێری ئازادی ڕادەڕبرین بووە، لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گرنگ و دیاری هەیە لە گەیاندنی پەیام و زانیارییەکان و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و نادادییەکان و درووستکردنی ڕایگشتی .

ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە پشتیوانیی هەموو ئەو میدیا و ڕۆژنامەنووس و دەنگەئازا و ئازادانەین کە لە چوارچێوەی یاسا و ئیتیکی کاری ڕاگەیاندندا پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداو و زانیارییەکان دەکەن و ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن، لە هەمان کاتیشدا داوا دەکەین لە هەرێمی کوردستان کۆتایی بە گرتن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووسان بهێنرێت و ژینگەیەکی گونجاوتری کارکردنیان بۆ فەراهەم بکرێت . 

درود بۆ گیانی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لە پێناوی ئازادیی و پێشکەوتن و دیموکراسیی و گەیاندنی راستیدا شەهیدبوون .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *