چوار ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە شنگال
دەنگ نیوز
پێشنیازێکی نوێ دەخرێتە بەردەم ئاوارەکانی ھەرێم، بە پێی ئامارەکانیش تا ئێستا کەمتر لە (٤) ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شەنگاڵ.
(یەحیا ڕەسوڵ) وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا کەمتر لە (٤) ھەزار خێزانی ئاوارە بۆ قەزای شەنگاڵ و ناحیەی زومماری سەر بە پارێزگای نەینەوا گەڕاونەتەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش دەڵێت، تا ئێستا ڕەوشی ئەمنی ناوچە ڕزگارکراوەکان ڕێگرن لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، پێشنیازیان بۆ کەمپی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، لە سەر خواستی خۆیان دەتوانن کەمپەکان بەجێبھێڵن و بچنە ناوچەیەکی تر، تا ڕەوشی ئەمنی لە ناوچەکانی خۆیان ئاسایی دەبێتەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕاشیگەیاند، تا ئێستا (٣٩) ھەزار خێزانی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاست، لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان ماون.