سوپای عیراق: پێویستیمان بەھیچ سەربازێكی بیانیی نییە
دەنگ نیوز
سوپای عیراق رایگەیاند، خشتەی كشاندنەوەی ھێزە بیانییەكان لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكا لە لایەن لیژنەكانی ھونەرییەوە، دیاری دەكرێت.
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، بە فەرمانی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیران، لیژنەیەكی ھونەری لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكا بە سەرۆكایەتی سەرۆك ئەركانی سوپا، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا پێكھێنراوە و وتی:”خشتەی كشانەوەی ھێزە بیانییەكان لە عیراق لەچوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكا لە لایەن لیژنەكانی ھونەرییەوە، دیاری دەكرێت”.
وتیشی: “عیراق پێویستی بە ھیچ سەربازێكی ئەمریكا یان بیانی نییە كە لەگەڵ ھێزەكانی عیراق دژبە تیرۆریستان شەڕ بكەن”.
لیوا یەحیا رەسول ئاماژەی بەوەدا، پاڵپشتییەكانی ناتۆ بۆ ھێزەكانی عیراق خۆی لە مەشق، راھێنان و پڕچەككردن دەبینێتەوە و وتی: “لەئێستادا، ھێزەكانی عیراق دەتوانن بەرگریی لە گەل و خاكی وڵات بكەن”.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عیراق، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لەبارەی دۆسیەی بە ئامانجكردنی نێردەكانی دیپلۆماتی و فڕۆكەخانەكان لە عیراق درێژەیان ھەیە و وتی: “لەو ھێرشانەی كە مووشەك دەكرێنە سەر بنكە سەربازییەكان لە عێراق، تەنھا عێراقییەكان دەبنە قوربانی، جگە لەوەیش بۆردومانكردنی بنكە سەربازییەكان لە بەرژەوەندی ھیچ لایەكدا، نییە”.