لە سنە چوار چالاکوان دەستگیرکران
دەنگ نیوز
لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چوار ئەندامی کەمپەینێکی خێرخوازی دەستبەسەرکران و ئەگەری زیاتربوونی ژمارەی دەستبەسەرکراوانیش لەئارادا هەیە.
بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی٤ی٢٠٢١،هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هێرشیان بردووەتە ماڵی مەهدی سەیفی چالاکی مەدەنی و ئەندامی چالاکی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” و ناوبراویان دەستبەسەرکردووە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتریش سێ ئەندامئ دیکەی ئەو کەمپەینە بە ناوەکانی عەتا ڕەزاڕوبابی تەمەن ٦٣ ساڵ، مەرزیە غوڵام وەیسی و کوڕەکەی بە ناوی سیروان عەبدوڵڵاهی دەستبەسەرکراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتیانە، هەڵیانکووتاوە سەر ماڵیان و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی ئەو کەسانەدا گرتووە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راشیگەیاندووە، ئەو چوار چالاکە کوردە لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکە مەدەنییەکانی خۆیاندا لەو کەمپەینە دەستبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە، تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.