وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراق دەكات

دەنگ نیوز

سبەینێ دووشەممە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، بەسەردانێكی فەرمی دەگاتە عیراق و زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عیراق ئەنجام دەدات.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند، سبەینێ دووشەممە، محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێكی فەرمی دەگاتە عیراق.

وتیشی:” لەمیانەی سەردانەكەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق كۆدەبێتەوەو دۆسییەی هاریكاری دووقۆڵی و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێدەكات”.

چاوەڕێ دەكرێت، محەمەد جەواد زەریف، دوای دیدارو كۆبوونەوەكانی لە بەغدا، سەردانی هەولێریش بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بڕیاربوو ئەمڕۆ سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا ئەنجام بدرایە، بەڵام بەهۆی رووداوی ئاگركەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب-ی شاری بەغدا كە بەهۆیەوە زیاتر لە 190 قوربانی لێكەوتەوەو حكومەتی عیراق بەو رووداوەوە سەرقاڵ بووە، سەردانەكە بۆ سبەی دووشەممە دواخرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *