لە هەولێر ژمارەیەک سواڵکەر دەستگیرکران
دەنگ نیوز
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند دەستیان کردووەتەوە بە دەستگیرکردنى ئەو دەرۆزەكەرانەى کە لە چوار ڕێیان و ترافیکەکاندا داواى هاوکارى لە خەڵک دەکەن.
بە پێى ڕاگەیەنراوێکى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر ژمارەیەک دەرۆزەکەریان دەستگیرکردووە کە بوونەتە مایەى بێزارکردنى خەڵک و ژمارەیەک منداڵیشیان تێدایە .
لە ڕاگەیەنراوەکەى پۆلیسى هەولێردا هاتووە:
لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی سواڵکەرەکان، لە ترافیكلایت و چوارڕیان و ناوبازاڕ و سەرشەقام و شوێنە گشتییەكان،بەشی پۆلیسی رێككاری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ژمارەیەكی دیکە سواڵکەریان دەستگیر كرد کە پێکهاتبوون لە پیاو و ئافرەت و منداڵ، كە داوای ھاوکارییان لە خەڵك دەكرد و ببوونە مایەی بێزاری بۆ هاووڵاتیان و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (390) لە یاسای سزادان، ڕاگیراون .