لەبارەی كردنەوەی قوتابخانەكان روونكردنەوە دەدرێت

دەنگ نیوز

بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هێشتا كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی مەترسیدایە و كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان پێویستی بە هەڵسەنگاندنێكی دروستە و لیژنەی باڵا بڕیاری لەسەر دەدات بۆیە تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك دەربارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان نەدراوە.

لە راگەیەنراوێكدا ئاسۆ حەوێزی بەرپرسی هۆبەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەناوی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی چەند دەنگۆیەك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە وەزارەتی تەندروستی لاری نیە لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، لێرەوە رایدەگەینین كە هێشتا كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی مەترسیدایە و بڕیارێكی لەم شێوە پێویستی بە هەڵسەنگاندنێكی دروستە و لێژنەی باڵا بڕیاری لەسەر دەدات.

راشیگەیاندووە، تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك دەربارەی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان نەدراوە و ئەم دەنگۆیانە كە باس لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەكەن پێش ئەوەی ئەنجومەنی باڵا بڕیار لەسەر بدات راست نیە .

لە پێناو رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ناو مامۆستایان و خوێندكاراندا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریداوە خوێندن لەرێگەی ئۆنلاین و ئەلكترۆنی بێت و لە چەند رۆژی رابردووش لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم خوێندكاران گردبوونەوە و داوای چوونەوە نێو هۆڵەكانی خوێندنیان دەكرد، بەو پێیەی سیستمی ئۆنلاین و ئەلكترۆنی بە سەركەوتوو نازانن بۆ بەردەوامیدان پرۆسەی خوێندن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *