ئێران: دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراق وەرنادەین
دەنگ نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، رێز لە سەروەریی عیراق دەگرن و دەست لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە وەرنادەن.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە بەغدای پایتەخت و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
فوئاد حسێن، رایگەیاند، لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف باسیان لەژماریەك دۆسیە كرد كەبۆ ناوچەكە گرنگ بوو. وتیشی:” چاودێری دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ڤیەننا دەكەین”.
فوئاد حسێن، ئاماژەی بەوەشكرد، محەمەد جەواد زەریف لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ عیراق، سەردانی نەجەف و ھەرێمی كوردستان دەكات.
لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند: “رێز لە سەرەوریی عێراق دەگرین و دەست لە كاروبارەكەی وەرنادەین”.
وتیشی: “پەیوەندییەكی بەھێزمان لەگەڵ عیراقدا ھەیە و دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە پتەوتر بكەین بە تایبەتیش لە بوارەكانی وزە، ھێڵەكانی ئاسنین و بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەكان”.
جەواد زەریف، ئاماژەی بەوەكرد:” لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ فوئاد حوسێن سەبارەت بە دانوستانەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی (٤+١) گفتوگۆیان كردووە.”