ئەمریکا پارە دەداتە ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە شنگال
دەنگ نیوز
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەرێم رایگەیاند: پاڵپشتی داراییان پێشكەشی هەزارو 400 خێزان كردوە كە گەڕاونەتەوە قەزای شنگال، قائیمقامی قەزاكەش دەڵێت: هاوكارییەكە بەردەوام دەبێت.
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر رایگەیاند: دوای شەش ساڵ ئاوارەیی، ژمارەیەكی زۆر خێزانی خەڵكی قەزای شنگال پلانیان وایە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لقی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە عیراق بەپشتیوانی ئۆفیسی دانیشتوان و پەنابەران و كۆچ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پاڵپشتی داریی لەڕێی پارەی كاشەوە پێشكەش بە 1400 خێزان كرد.
سەبارەت بە هەمان بابەت مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شنگال وتی: بڕی هاوكارییەكە بۆ هەر خێزانێك 320 دۆلارە ئەمریكییەو ئەم هاوكارییە بەردەوام دەبێت.
قائیمقامی قەزای شەنگال وتیشی:ئەم هاوكارییە تەنیا بۆ هاندانی ئاوارەكانە بۆ ئەوەی كۆتایی بەقۆناغی ئاوارەیی بێنن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە 3ی ئابی 2014 قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە داگیركران و كۆمەڵكوژی دژی ئێزیدییەكان لەو ناوچەیە ئەنجامدراو پاش چەند ساڵێك لە ژیانی ئاوارەیی لەئێستادا زیاتر لە 100 هەزار كەس گەڕاوەتەوە سەر زێدی خۆیان لە سنوری قەزاكە.