یەكێتی ئەوروپا سكاڵا لەدژی كۆمپانیای ئەسترازینیكا تۆماردەكات

دەنگ نیوز

كۆمسیۆنی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی نیسانی 2021 رێكاری یاسایی لەدژی كۆمپانیای ئەسترازینیكا گرتۆتەبەر لەبەرامبەر ئەوەی كۆمپانیاكە رێزی بۆ گرێبەستی هەناردەكردنی ڤاكسینی دژ بە كۆڤید-19 دانەناوەو پلانێكی متمانەپێكراوی نەبووە تاوەكو بە گرەنتی ڤاكسین لەكاتی گونجاودا رادەست بكات.

ستیفان دی كیرسمیكەر، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: یەكێتی ئەوروپا رۆژی هەینی رابردوو رێكاری لەدژی كۆمپانیای ئەسترازینیكا دەستپێكردوە كە رێزی بۆ هەندێك لەبەندەكانی ئەو گرێبەستە نەكردووە كەلەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا ئەنجامیداوە.

وتەبێژەكەی كۆمسیۆنی ئەوروپا لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبرۆكسل، بەرۆژنامەنووسانی راگەیاند: سەرەڕای ئەوەش، كۆمپانیاكە لەدۆخێكی وادا نییە كە بتوانێت ستراتیژییەتیەكی متمانەبۆكراو بۆ خۆی دابڕێژێت و گرەنتی گەیاندنی ڤاكسینەكان لەكاتی گونجاودا بكات.

راشیگەیاند: دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە كە كۆمپانیاكە دەتوانێت بەشێوەیەكی خێرا ژمارەی پێویست لەژەمە ڤاكسین بۆ هاووڵاتیانی ئەوروپا دابین دەكات كە مافی خۆیانە ڤاكسینیان دەستبكەوێت، وەك چۆن خۆیان لەگرێبەستەكەدا پەیمانیان داوە، ئاماژەشیدا كە سەرجەم وڵاتەكانی یەكێتی ئەوروپا كە ژمارەیان 27 وڵاتە پشتگیری لەم هەنگاوەی یەكێتییەكە دەكەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *