کۆمیسیۆن: هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت
دەنگ نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا و لە ڕۆژی ١٠ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ ی نیسانی ٢٠٢١ بڵاویکردووەتەوە، کۆمیسیۆنەکە داوا لە هاوپەیمانێتی و پارتەکان و کاندیدان دەکات سود لەو ماوەیە وەربگرن کە بۆ تۆمار کردن ماوە تا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و راشیگەیاندووە ئەو وادەیە سەرەتای مانگی ئایار کۆتایی پێدێت.
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، هەنگاو و ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بەردەوامە .
ئەم ڕاگەیەندراوەی کۆمیسیۆن لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەکی عێراقی ڕایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ١٠ ڕۆژ لە وادی دیاریکراوی خۆی دوا بکەوێت.