سبەینێ لیستی كاندیدانی پارتی رادەستی كۆمسیۆن دەكرێت
دەنگ نیوز
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، سبەینێ لیستی كاندیدانی ئەو حزبە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق رادەستی كۆمیسیۆنی بڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەن دەكەن.
كاكەمین نەجاڕ، لەبارەی ئامادەكارییەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق و پێكهێنانی هاوپەیمانیێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق، رایگەیاند: “وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی كاندیدەكانمان ئامادەیە، هەموو پێداویستییەكانیشیان رادەستی مەكتەبی هەڵبژاردنی خۆمان كراوە، كۆتایی ئەو مانگە كە دوا وادەیە، رادەستی كۆمیسیۆن دەكرێت”. وەك رووداو بڵاویكردووەتەوە.
لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانیێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەت لە ناوچەكانی ماددەی 140، كاكەمین نەجاڕ وتی: “تاوەكو ئێستا هیچ هاوپەیمانیێتیەكمان رانەگەیاندووە لەگەڵ هیچ لایەنێك، ئێمە پێمان باشبوو لە ناوچەی ماددەی 140 ئەگەر بكرێت هاوپەیمانیێتییەكی گشتی بكەین هەموو حیزبە كوردستانییەكان بە یەكەوە دابەزین بۆ ئەوەی دەنگی كورد نەفەوتێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوە رێك نەكەوتووە”.
لەبارەی پێكهاتەی كاندیدانی پارتی و هەبوونی كەسی سەربەخۆ لەنێو بەربژێرەكاندا، كاكەمین نەجاڕ وتی: “زۆربەی زۆری كاندیدەكان نوێن، ئەگەر پێویستمان بە چەند كەسێك بووبێت لەو خولە جارێكی دیكە كاندیدیان بكەینەوە، ئەگەرنا زۆربەیان نوێن و لە هەموو رووێكیشەوە دیراسەتی بەربژێركردنی كەسەكان كراوە لەسەر بنەمای پسپۆری و شارەزایی”.
لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان لە كەركووك لە كاتێكدا هێشتا نەگەڕاونەتەوە كەركووك، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی: ” لە كاتێكدا بەرەو هەڵبژاردن دەچین، تاوەكو ئێستا رێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكراوە، ئاسان نییە بتوانین لەوێ هەڵمەتی هەڵبژاردن بكەین، هێشتا دۆخی كەركووك وەكو پێشووە، بارەگاكانی ئێمە لەوێ نین، لە مەخموور نین، دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نین. لەگەڵ ئەوەش لەگەڵ بەغدا لە دانوستان داین بۆ چارەسەكردنی كێشەی ئەو ناوچانە، بەڵام جارێ زوور بڕیار لەبارەی بەشداریكردن و نەكردن لە هەڵبژاردنەكان لەو ناوچانە بدەین، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەكان دەكەین”.
لەبارەی هاوپەیمانێتیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق و بە تایبەتیش لەگەڵ سەدرییەكان، كاكەمین نەجاڕ، وتی: “ئێمە شاندێكمان ناردە بەغدا و سەردانی لایەنەكانیان كرد، نەك تەنیا سەدرییەكان، بەڵكو لایەنەكانی دیكەشمان بینی، لە ئەنجام پێمان باشبوو ئەو رێككەوتنەی دەمانەوێت بیكەین، دوای هەڵبژاردن بكرێت باشترە، بۆیە تاوەكو ئێستا هیچ هاوپەیمانیێتییەكی فەرمیمان لەگەڵیان نەكردووە”.