بەدەل بەرواری دادگایی دەكرێتەوە

دەنگ نیوز

پارێزەری دۆسیەی بەدەل بەرواری یەكێك لە دەستگیركراوەكانی بادینان رایگەیاند: دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر جارێكی دیكە دۆسیەی ناوبراوی گەڕاندووەتەوە بۆ دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر و چاوەڕێدەكەین وادەیەك بۆ دادگاییكردنەكەی دابنرێت، لەهەموو حاڵەتەكانیشدا پێدەچێت بەدەل بەرواری سزانەدرێت و ئازادبكرێت.

ئاسۆ هاشم پارێزەری بەدەل بەرواری یەكێك لە دەستگیركراوەكانی بادینان رایگەیاند: لە 26_4_2021 دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دۆسیەی هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی رەوانەی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر كردووەتەوە بەهۆكاری ئەوەی پرۆسەی لێكۆڵینەوە تەواوبووە.

ئاسۆ هاشم گوتی: ئێستا پەڕاوەكە لە داواكاری گشتییە، چاوەڕێدەكەین بگەڕێنرێتەوە بۆ دادگای دووی تاوانەكان و جارێكی دیكە پرۆسەی دادگاییكردن بەڕێوەبچێتەوە.

باسی لەوەشكرد، ئەگەر لە دادگایەكی سەربەخۆ دادگایی بكرێت، بەدەل بەرواری هیچ تۆمەتێكی لەسەر نیە و دەبێت ئازادبكرێت.
لە 16_2_2021، بەدەل بەرواری و پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسی بادینان دادگایی كران و جگە لە بەدەل بەرواری، ئەوانی دیكە هەریەكەی بە شەش ساڵ زیندانی سزادران.

دواتر دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر دۆسیەكەی بەدەل بەرواری گەڕاندەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بۆ وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵێك كە لە ناو دۆسیەكەدانەبوو، لە ئێستادا وتەی ئەو شایەتحاڵە وەرگیراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *