دەمیرتاش سزای زیندانیی 4 ساڵ و 8 مانگی بۆ دەرچوو
دەنگ نیوز
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە بەهۆی ئەوەی رۆژی 17ی ئاداری 2013 لە گوتارێکیدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە دەستەواژەی “شەهید”ی بۆ گەریلا بەکارهێنابوو، لەلایەن دادگەی 26ی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵەوە سزای زیندانی 4 ساڵ و 8 مانگی بەسەردا سەپێندرابوو، ئەم سزایە رۆژی 26ی نیسانی ئەمساڵ لەلایەن دادگەی باڵای تورکیاوە پشتڕاستکرایەوە.
ئومیت دەدە، جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە کە هاوکات بەرپرسی کاروباری یاساییە رایگەیاند “دادگەی باڵا لە رۆژی دەستپێکردنی دادگاییکردنی تایبەت بە رووداوەکانی کۆبانێ ئەو بڕیارەی پشتڕاستکردەوە. روونە کە هەڵمەتەکە بەشێکە لەو پاکتاوییەی لەڕێگەی دادگەکانەوە دژی پارتەکەمان ئەنجامدەدرێت”.
ئەو بەرپرسەی هەدەپە هەنگاوەکەی دادگەی باڵا بە کاردانەوە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا دادەنێت کە بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی “ئێمەش هەڵمەتێکی پێچەوانە دەکەین و کارەکە تەواودەکەین”.
ئومیت دەدە رایگەیاند، ئەو گوتەیەی ئەردۆغان وەکو رێنماییەک لەلایەن دادوەرانەوە جێبەجێ کراوە، هەربۆیە ئەو بڕیارە دراوە. رۆژی 26ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگایی لە کەیسی رووداوەکانی کۆبانێ (ساڵی 2014) لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. هەریەک لە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لەڕێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ قسەیان کرد. دانیشتنی دادگاییەکە بۆ 3ی ئایار دواخرا.