عەبدولستار مەجید: مەسیحییەكانی عەینکاوە هاواریان لێهەڵساوە
دەنگ نیوز
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەهۆی داگیركردنی زەوییەكانیان، مەسیحییەكان هاواریان لێهەڵساوەو داوا دەكەن فیزایان پێ بدرێت تا بەیەكجاری بڕۆن و هەرێمی كوردستان جێبهێڵن.
عەبدولستار مەجید، لەهەژماری خۆی بڵاویكردووەتەوە:” تاڵان و گەندەڵییەكی زۆر خەتەرناك دەستیپێكردووە، ئەویش داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانە، لە گوندەكانی ئاشۆڕكان و دارەبەن چوار هەزار دۆنم زەوی لە باشترین و بەپیتترین زەوی كشتوكاڵیی دراوەتە كۆمپانیایەك بۆ دروستكردنی پرۆژەی گەشتیاریی.”
دەشڵێت:”لەنێوان هەردوو شەقامی سەد مەتری و سەد و پەنجا مەتریی زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵیی مەسیحیەكانی عەنكاوە هەیە كە حاڵی حازر بە گەنم چێندراوە، دراوەتە كۆمپانیایەك بەناوی لاڤا، شۆفڵ و حەفارەی تێكردووە تەنانەت چاوەڕێیان نەكردووە تا دروێنە دەكرێت، بەم هۆیەشەوە مەسیحییەكان هاواریان لێهەڵساوە و هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیركارییە بكرێت.”
عەبدولستار مەجید نوسیوویەتی:” كار گەیشتۆتە ئەوەی مەسیحیەكان بڵێن فیزامان بدەنێ با بەیەكجاری بڕۆین و ئەم وڵاتەتان بۆ جێبهێڵین.”