پهرلهمانى كوردستان داوادەکات هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون
دەنگ نیوز
سهرۆكایهتی پهرلهمانى كوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەتوندی ئیدانەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزى پێشمەرگە دەکات، و ڕایگەیاند، دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، سهلمێنهرى ئەو راستییەیە کەهەرچی زووترە هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ئهو ناوچانه بەپێێ ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە.
بەپێویستیشى دەزانێت، هێزی هاوپەیمانان لههەرێمی کوردستان و عێراق بمێنێتەوە، بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بەهەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان.
ئەوەش دواى ئەوەدێت، لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو، بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.
دەقى بەیاننامەکە:
شەوی رابردوو جارێکی دیکە تاریکپەرستانی داعش لەمیحوەری پردێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەداخێکی زۆرەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدو برینداربوون و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک هەمیشە ئازایەتی و قوربانیدانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لەهەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک.
دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، سهلمێنهرى ئەو راستییەیە کەهەرچی زووترە هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ئهو ناوچانه بەپێێ ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە، هەروەک پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لههەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات بووەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بەهەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان کەهەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.
بهناوى پهرلهمانى كوردستانهوه بهتوندی ئیدانهی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە لهپردێ دەکەین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کەخۆیان کردە قوربانیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سهرۆكایهتیی پهرلهمانى كوردستان
1ى ئایارى 2021