کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە عێراق
دەنگ نیوز
وەزارەتى تەندروستى و ژینگەی عێراق رایگەیاند، وەجبەیەکی دیکەى ڤاکسینى فایزەر گەیشتۆوەتە بەغدا و دەشڵێت: هەفتانە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتى تەندروستى و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەى ئەو گرێبەستەى لەگەڵ کۆمپانیاى فایزەر ئەنجامدراوە، ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی٥ی٢٠٢١، کاروانێکی دیکەى ڤاکسینەگە گەیشتووتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەرگرتنى ڤاکسینەکە لەلایەن عێراقەوە بەشێوەیەکى هەفتانە بەردەوام دەبێت و ڤاکسینەکەش بەسەر تەواوى بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانى عێراقدا دابەشدەکرێت بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لە ئێستادا ژمارەیەکى زۆر تووشبووى کۆرۆناى تێدا تۆماردەکرێت، بەشێوەیەک بەپێى دواین ئاماری وەزارەتى تەندروستى و ژینگەی عێراق، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و ٧٠ هەزار و ٣٦٦ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ١٥ هەزار و ٤٩٨ تووشبوو گیانیان لەدەستداوە، هەروەک ٩٤٩ هەزار و ٣٤١ تووشبووش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.