گۆڕان: پەسەندكردنی سزادانی چالاكوانانی بادینان خاڵێكی رەشە
دەنگ نیوز
رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە بۆ پەسەندكردنی سزای چالاكوانان دادپەروەری تێدانیە و دەبێتە خاڵێكی رەش بۆ ناو و ناوبانگی هەرێم لەدەرەوە لەڕوی ئازادی رادەربڕین و مافەكانی رۆژنامەنوسان.
چۆمان محەمەد، رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای حزبەكەی راگەیاند: بڕیاری دادگای پێداچونەوە بە پەسەندكردنی سزادراوانی بادینان پێشبینیكراوبوو، چونكە ئیرادەیەكی سیاسی زاڵ هەبوو بۆ سزادانی ئەم چالاكوان و رۆژنامەنوسانە.
رێكخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: ئەم بڕیارە دەبێتە خاڵێكی رەش بۆ ناو و ناوبانگی هەرێم لەدەرەوە لەڕوی ئازادی رادەربڕین و مافەكانی رۆژنامەنوسان.
باسی لەوەشكرد، ئەم بڕیارە بە فەرمی گفتوگۆ و نامەی چاتی فەیسبوكی كردە كرداری تاوانكاری كە ئەمە پێشهاتێكی زۆر خراپە، دەبێتە سابیقەیەكی دادوەری خراپ، لەهەموی گرنگتر ئەم بڕیارە هێندەی تر بێ متمانەیی هاوڵاتی بە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری كەمدەكاتەوە.
دوای ئەوەی لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگری داوای پێداچوونەوە (تەممیز)ی بڕیارەكەیان كرد بەڵام دادگای پێداچوونەوە بڕیاریدا بە وەڵامدانەوەی داواكە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگا سەبارەت بە سزادانی بەندكراوان.