هیندستان ژمارەی پێوانەیی کۆرۆنای تۆمارکرد

دەنگ نیوز

بە تۆمارکردنی ٤١٤ هەزار و ١٨٨ حاڵەتی نوێی توشبوون بە پەتاکە هیندستان  ژمارەیەکی نوێی پێوانەیی تۆمار کرد.

بەپێی راگەیەندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤١٤ هەزار و ١٨٨ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و سێ هەزار و ٩١٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی دوێنێ ٤١٢ هەزار و ٢٦٢ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لە رۆژێکدا تۆمارکرا، جارێکی دیکە ژمارەی تووشبووان ٤٠٠ هەزاری تێپەڕاند و لووتکەیەکی نوێی تۆمار کرد.

هیندستان کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین حاڵەتی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتایە تۆمار دەکات، تێکڕای ژمارەی تووشبووانی پەتاکە تیایدا گەیشتووەتە ٢١ ملیۆن و ٤٩١ هەزار و ٥٩٨ کەس، کۆی ژمارەی ئەوکەسانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٣٤ هەزار و ٨٣ کەس.

د. راندیپ گولیرا، پسپۆڕی بواری تەندروستی لە هیندستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە وەک پار ساڵ قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتەی لە هەندێ ناوچەدا رابگەیەندرێت.

هیندستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١،٤ ملیار کەسە لە ١٦ی کانوونی دووەمەوە کەمپینی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەڕێوەدەبات و تا ئێستا ١٦٤ ملیۆن و ٩٧٣ هەزار و ٥٨ کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پەتاکە راگرن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *