لە هەولێر پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت
دەنگ نیوز
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایگەیاند، ئاگاداری ئەو جوتیارانە دەکەنەوە کەساڵی 2016 گەنمیان رادەستی بنکەی سایلۆکانیان کردوە، سبەی شەممە دەتوانن سەردانیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.
سەعید عومەر حەمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر لەراگەیەنراوێکدا کەوێنەیەکی بۆ دەنگ نیوز نێردراوە باسی لەوەکردوە، ئەو جوتیارانە ئاگادار دەکەنەوە کە ساڵی 2016 گەنمیان رادەستی سایلۆی بنکەکانی “هەولێر، شەمامک، گردەرشە” کردوە، رۆژی شەممە سەردانی سایلۆ بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەکانیان.
دابەشکردنی پارەکە بەسەر جوتیاران دەستیپێکردوە
پێشوتریش نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم راگەیاندبوو، دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق 268,892,500,000 (دوسەد و شەست و هەشت ملیار و هەشت سەد و نەوەت و دو ملیۆن و پێنج سەد هەزار) دیناری وەک قۆناغی یەکەمی پارەی گەنمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016ى جوتیاران بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەکرد، دابەشکردنی پارەکە بەسەر جوتیاران دەستیپێکردوە.
پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016 کە بەغدا لەکاتی خۆیدا رەوانەی نەکردون بریتییە لە 576,885,000,000 (پێنج سەد و حەفتا و شەش ملیار و هەشت سەد و هەشتا و پێنج ملیۆن) دینار، لەو بڕەش تائێستا 268,892,500,000 (دوسەد و شەست و هەشت ملیار و هەشت سەد و نەوەت و دو ملیۆن و پێنج سەد هەزار)ی خەرج کراوە.