“دووهەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوه‌”

دەنگ نیوز

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، گەورەترین هەڵمەتی گەڕاندنەوەی پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ ئەو شوێنانەی لێوەی هاتوون دەستیپێکردووە، کە تیایدا نزیکەی ٤٠ هەزار کۆچبەر بە زۆرە ملێ گەڕێندراونەتەوە و لە ناویشیاندا دوو هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە ئه‌وه‌ش گەورەترین هەڵمەتی گەڕاندنەوە و کردنەدەرەوەی کۆچبەرانە کە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕوویدابێت.

بەدواداچوونەکەی ڕۆژنامەی گاردیان پشتی بە داتاکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند ڕێکخراوێکی تری مرۆیی بەستووە و دەرکەوتووە، ڕێوشوێنەکانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران، بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هەزار کۆچبەر، ئاژانسی سنوریی یەکێتی ئەوروپا و پاسەوانی سنوریی وڵاتانی ئەوروپاش بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەو کارانەدا تێوەگلاون.

فولۆڤیۆ ڤاسالۆ پالایۆلۆگۆس، پرۆفیسۆری پەنابەری لە زانکۆی پاڵمیرۆ کە هاوکات یەکێکە لە شارەزا دیارەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆچکردن لە ئیتالیا بە گاردیانی وتووە، “داتا و زانیارییەکان ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی مردنی کۆچبەران دەکەن لەڕێگای گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا،

دەشڵێت، “زۆربوونی حاڵەتەکانی مردن لە دەریا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپاوە هەیە بۆ داخستنی هەموو دەرگاکانی یەکێتییەکە و قەتیسکردنی شەپۆلەکانی کۆچکردن لە وڵاتانی تردا.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ساڵی 2020 نزیکەی 100 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە وڵاتانی ئەوروپا، لەکاتێکدا ژمارەکە 130 هەزار کەس بووە لە ساڵی 2019دا، هەروەها 190 هەزار کەس بووە لە ساڵی 2017دا.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، “لە ساڵی 2020دا، چەندین نمونەی مامەڵەی زۆر دڕندانە و توندوتیژانەی پۆلیسی یۆنان دژی کۆچبەران تۆمار کراون، سوکایەتی بە کۆچبەری منداڵ و ژنیش کراوە.”

بەپێی داتاکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان یۆنان ساڵی رابردوو ٢٣٠ هەزار کۆچبەری گەڕاندووەتەوە، کە زۆربەیان هێز و توندوتیژیی لەبەرانبەریان بەکارهێنراوە و سوکایەتیان پێکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *