“بەشە بوودجەی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردادێت”
دەنگ نیوز
وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەشە بودجـەی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردادێت، لەڕووی پابەندییەکانی هەرێم و هەروەها شایستەکانی.
لە پەراوێزی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران، حەسەن نازم وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا وەکو خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
روونیشیکردەوە، لە رێککەوتنەکەدا تەنها ئەو بابەتە ماوە کە دەبێت حساباتی بۆ بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە نرخی نەوت ڕۆژانە بەرزدەبێتەوە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گۆڕانکاری بەسەر بەشە بودجـەی هەرێمدا دێت لە ڕوی پابەندییەکانی هەرێم و هەروەها شایستەکانی.
ئەم لێدوانەی حەسەن نازم پاش ئەوە دێت کە شەوی رابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا رایگەیاند، “ڕێككەوتنی بەغدا و هەرێم لەسەر پڕۆژەی بودجە و مادەی 11 باش بوو و بە وردی كاردەكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردوولا”.
وتیشی، “ئێمە جددین لە جێبەجێکردنی یاساکە و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئێستا لیژنەیەك كار دەكات بۆ ناردنی بەشە بودجەی ئەم مانگەی هەرێمی كوردستان .”
زیاتر لە مانگێکە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندکراوە و هەر شەوی رابردوو، د. غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، تاوەکو هەرێم پابەندی ماددەی ١١ لە پڕۆژە یاساکە نەبێت، ئەوا حکومەتی فیدڕاڵی بەشە بودجەی هەرێم نانێرێت.