رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی سزادراوانی بادینان دەکات
دەنگ نیوز
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی بەپەلە و بێمەرجی سزادراوانی بادینانی کرد و وتی: بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کە لە 28ی نیسانی رابردوو دەرچوو نادادپەروەرانە بووە و دەبێت ئەو کەسانە بەزووترین کات ئازادبکرێن.
ئەو رێکخراوە لە نامەیەکی کراوەدا بۆ دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، “دادگای پێداچوونەوە نادادپەروەرانە سزای زیندانیکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعیدی پەسندکرد و دەبێت هەموویان بەزوویی ئازادبکرێن”.
لەو نامەیەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا ئەو کەسانە بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و تەنانەت کە مانیشیان لەخواردن گرتووە وەڵامی داواکارییەکانیان نەداونەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژانی رابردوو دیندار زێباری لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سزادراوانی بادینان لە دادگا تاوانبار بوون و دادگا بڕیاری لەسەرداوە و کەیسەکە پەیوەندیدار نییە بە حکومەتەوە.