به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مه‌كه‌یانه‌وه 17 كۆچبه‌رگیانیان لەدەستدا
دەنگ نیوز
مانگی سوری تونس ڕۆژی پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، 17 (حه‌ڤده) كۆچبه‌ری ئه‌فریقی به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی به‌له‌مه‌كه‌یان له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست له‌نێوان لیبیا و ئیتاڵیا خنكاون.
مونجی سه‌لیم به‌رپرسی مانگی سوری تونسی دەڵێ به‌له‌مێك له‌ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و له‌ڕێگای نێوان لیبیا بۆ ئیتاڵیا وه‌رگه‌ڕاوه، تاوه‌كو ئێستا زیاتر له 17 (حه‌ڤده) كه‌س خنكاون، تیمه‌كانی تونس توانیویانه دو ئافره‌تی نێجیری له‌خنكان رزگاربكه‌ن و گه‌ڕان به‌دوای كۆچبه‌ری دیكه‌شدا به‌رده‌وامه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، تاوه‌كو ئێستا ناسنامه‌ی به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌خنكاوی له‌ده‌ریاچه‌كه ده‌رهێندراون رون نین، به‌ڵام پێده‌چێت سه‌رجه‌میان ئه‌فریقی بن و به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ری له ئه‌وروپا رێگه‌ی قاچاخ و نایاساییان گرتبێته‌به‌ر.
له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا هه‌زاران كه‌س له‌ڕێگه‌ی به‌له‌مه‌وه خۆیان گه‌یاندوه‌ته دورگه‌ی لامبیدوزای ئیتاڵیا، كۆی گشتی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی 2021 ه‌وه تا ئه‌مڕۆ گه‌یشتونه‌ته كه‌ناراوه‌كانی ئه‌و وڵاته گه‌یشتوه‌ته 13.000 (سێزده) هه‌زار كه‌س.