عێراق گفتوگۆ لەسەر کەمبوونەوەی ئاو دەکات

دەنگ نیوز

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ هەریەکە لە تورکیا و ئێران و سوریا لە گفتوگۆی بەردەوامدایە، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئاو و رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی زیانەکان لە کاتی وەرزی کەمئاویدا.

عەلی ڕازی وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئاستی ئاوی دیجلە و فوڕان لەماوەیەی ساڵدا دەستپێکردنی وەرزی ئاودێری هاوینە رووبەڕووبەڕووی کەمبوونەوە دەبێتەوە، ئەویش بەهۆی کەمی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکانی سەر ڕێڕەوی هەردوو ڕوبارەکە.

وتەبێژی وەزارەتی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ئاو لەم وەرزەدا کاردەکات لەسەر بەردانەوەی پێویست بۆ بوارەکانی پێویستی وەک ئاوی خواردنەوە و ئاودانی هەندێک لە جۆرەکانی کشتوکاڵ و سەوز و بەشی زۆنگاوەکان و بەکارهێنانەکانی وزەی کارۆئاوی و پیشەسازی و تەندروستی.

دڵنیایی ئەوەشی دا کە لەم وەرزی هاوینەدا ئاوی پێویست دەستبەر دەبێت و لە دوو هەفتەی داهاتوودا دەست بە جێبەجێکردنی پلانی هاوینەی بەردانەوەی ئاو دەکرێت و ئاستی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فوڕات جارێکی تر بەرزدەبنەوە.

جەختیشیکردەوە هەموو ساڵێک ئەو پلانە جێبەجێ دەکەن بۆ گرتنەوە و بەردانەوەی ئاو، ئەویش لە پێناو پاراستنی ئاستی ئاوی خەزنکراو، کە بە سەروەتێکی نیشتیمانی گرنگ دادەنریت.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق روونیکردەوە، گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە گرنگە، بە تایبەت بۆ ئەمساڵ، کە باران وەک پێویست نەباریوە و کێشەی بەردانەوەی ئاویش بەرۆکی هەموو ناوچەکەی گرتووە، هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمی بارانبارین، کە لەو نیوەندەدا عێراق لە زۆربەی وڵاتەکانی ناوچەکە زەرەرمەندترە.

ڕوونیشیکردەوە، لە چاو ساڵی ڕابردوودا، داهاتی ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فوڕات بەڕێژەی لە ٥٠% کەمیانکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنی تورکی و سوریدا ئەنجامداوە، بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی ئەو زیانە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمی بارانبارینەوە هاتووەتە ئاراوە.

وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان پلانی هەیە بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن و سود وەرگرتن لەو کۆگا ئاوەی کە لە ساڵی ٢٠١٩دا کۆکراوەتەوە، بەشێوەک بۆ ئەوەی بتوانرێت هەموو لایەک دڵنیابکرێتەوە، کە لەم وەرزی هاوینەدا ئاوی پێویست دابین دەبێت، تا دۆخەکە دەگاتەوە وەرزی زستانی داهاتوو.

سەبارەت بە داهاتەکانی ئاو کە لە ئێرانەوە دێنە عێراقەوە، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو روونیکردەوە، رێژەکە بە تەواوی کەمیکردووە، بەشیوەیەک لە بەنداوی دوکان ڕێژەی هاتنی ئاو بۆ بەنداوەکە لە ٧٠% کەمیکردووە، لە بەنداوی دەربەندیخانیش بە هەمان شێوە، یەکێک لەو پارێزگایانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە پارێزگا دیالەیە، بەو پێیەی یەکێک لە پارێزگا گرنگەکانی  عێراق لە رووی کشتوکاڵ و سەرچاوەی سەرەکی ئاودانی ناوچەکەش ئاوی ڕوباری سیروانە.

لە کۆتایی وتەکانیدا جەختیکردەوە، لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لە گفتوگۆی بەردەوامدا، بە مەبەستی دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی ئاو و کەمکردنەوەی زیانەکان و دابەشکردنی بەسەر هەر سێ وڵاتدا، بە تایبەت بۆ ئەمساڵ کە کەمی باران و وشکەساڵی وایکردووە، داهاتی ئاو لە عێراق بەرەو کەمبوونەوە بچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *