کۆریای باکوور بەشداری مۆندیال ناکات
دەنگ نیوز
دوای پاشەکشەکردن لە ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ، کۆریای باکووری ئەمجارە بریاری دا پاشەکشە لە پاڵاوتنی مۆندیالی ٢٠٢٢ و جامی ئاسیای ٢٠٢٣ بکات، بەمەش ئەو ھەڵبژاردەیە بەشداری لەو دوو پاڵەوانێتییە ناکات.
یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا رایگەیاند کۆریای باکوور بڕیاری داوە پاشەکشە لە ھەردوو پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال و جامی ئاسیا بکات، ئەمەش بەبێ ئەوەی ھیچ ھۆکارێک ئاشکرا بکەن.
یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێتی تۆپی پێی کۆریای باکوور پاشەکشەکردنەکەی پێ راگەیاندون بەبێ ئەوەی ھۆکارەکە روون بکەنەوە، بەڵام مانگێک بەر لە ئێستا سەرچاوەکانی ھەواڵی کۆریای باشوور رایانگەیاند ئەو وڵاتە لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو کارە دەکات.
بەھۆی ئەو قەیرانەی کۆرۆنا دروستی کردوە زۆرینەی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال دواخراون بۆ مانگی داھاتوو کە بەشێوەی کۆبوونەوە بەڕێوەدەچێت.
کۆریای باکوور دەبوو سەردانی کۆریای باشوور بکات بۆ ئەوەی یارییەکانی کۆمەڵەکەی ئەنجام بدات کە لە پاڵ تورکمانستان و لوبنان و سریلانکا و کۆریای باشوور یاری دەکات.