کڕیارانی دراوە دیجیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرەو زیادبوون دەچن
راپۆرت: دەنگ نیوز
ئەوانەی کە مامەڵە بەو دراوانە دەکەن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرووپیان دروستکردووە و راوێژ بە یەکدی دەکەن
ھەروەھا هێندە رۆچوونەتە نێو دنیای دراوە دیجیتاڵییەکان کە بەشێکیان شەو و رۆژ چاوەڕێن بۆ ئەوەی بزانن لەو دراوەی کڕیویانە قازانج دەکەن یان زەرەر.
ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵی 2008 یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد بە ناوی بیتکۆین
بەڵام کەس تاوەکو ئێستا نازانێت ساتوشی کێیە، تەنانەت دیار نییە کە یەک کەسە یان ناوی گرووپێکە.
لە سەرەتای دروستکردنی دراوەکە، 10 هەزار بیتکۆین بە هەشت دۆلار بوو. بەڵام لە کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە ئەو 10 هەزار بیتکۆینە دەکاتە نزیکەی 326 ملیۆن دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد، ئەوەش وایکرد خەڵکی زیاتر روو لە کڕینی ئەو دراوانە بکەن و خواستی زیاتریان لەسەر دروست بێت
چونکە هەر کاڵایەک خواستی زیاتری لەسەر بێت نرخی بەرزدەبێتەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش چەندین کەس هەن کە دەستیانکردووە بە کڕین و بازرگانی کردن بەو دراوانە.
لە هەرێمی کوردستان بە چەند شێوازێک مامەڵە بە دراوی دیجیتاڵی دەکرێت، بەشێک لە خەڵک لەڕێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە مامەڵە بەو دراوانە دەکەن
بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکە بڕێک پارە وەردەگرێت لە بەرامبەر کڕینی دراوە دیجیتاڵییەکان بەشێک لە خەڵک خۆیان لەڕێگەی کارتی بانکییەوە دراوی دیجیتاڵی دەکڕن.
جاک دۆرسی، خاوەنی تویتەر لەگەڵ جەی زەی، گۆرانیبێژی ئەمریکی کار دەکەن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی دارایی تایبەت بە پەرەپێدانی دراوی بیتکۆین تاوەکو ببێتە دراوی ئینتەرنێت.
هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهان بەگومانەوە تەماشای دراوی بیتکۆین دەکرێت
بەڵام تا دێت ئەو دراوە رەواج پەیدا دەکات و لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا
خواست لەسەری زیاتر بووە.
کۆمپانیای تێسلای ئەمریکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی وزەپاک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان رایگەیاند
بەبڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەبەرهێنان لە بیتکۆین دەکات تاوەکو کڕیارانی ئۆتۆمبیلەکانی بتوانن لەڕێگەی ئەو دراوەوە پارە بدەن.
یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی دژایەتیکردنی ئەو دراوە، ئەوەیە کە بیتکۆین لەژێر کۆنترۆڵی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتان نییە کە دواجار هەموویان بە یەک سیستەمی جیهانی و لەژێر چاودێری بانکی جیهانی بەستراونەتەوە.
ئێستا لە ھەرێمی کوردستان، مامەڵەکردن بە دراوی بیتکۆین خواستی زۆری لەسەرەو خەڵکانێکی زۆری بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە
ئایە لەخۆتان پرسیوە لەکاتی سڕینەوەی ئاپی بیتکۆین چارەنووسی بەشداربووان و خاوەنی بتکۆینەکان چ زیانێک دەکەن؟