وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگی دەرکرد

دەنگ نیوز

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و هاندانی جوتیاران، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر ئامێری هاوردەكراوی كشتوكاڵی و پێدانی تابلۆی كشتوكاڵی بەخۆڕایی.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (۷۹) لە ۲٠۲٠/۱٠/۲۱ بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و هاندانی جوتیاران، بۆیەكەم جارە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو كۆمپانیا و خاوەن پرۆژانە دەكرێت كە ئامێرەكانی كشتوكاڵی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ جوتیاران بە شێوەی قستی درێژ خایەن و پێشەكی كەم.

 وەزارەتی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكردووە رسوماتی تابلۆی كشتوكاڵی بۆ ئامێرەكانی پێشكەوتووی كشتوكاڵی وەرناگیرێت، ئەمەشی وەك دەرفەتێك بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی بەروبوومە كشتوكاڵییەكان و هاندانی جوتیاران بۆ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیایی نوێ وەسفكردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەم بابەتە لە ڕێگای میكانیزمێكی پەسندكراوی هەر سێ وەزارەتی كشتوكاڵ و ناوخۆ و دارایی، لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جێبەجێ دەكرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *