ئێزدییه‌كان دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنانیان به یاسایی ده‌كه‌ن
دەنگ نیوز
چالاكوانان و هاوڵاتیانی ئێزیدی، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رباره‌ی ونبوان، به ئامانجی جێكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێن و رفێنراوانی ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
هه‌وڵی ئێزیدییه‌كان بۆ گۆڕانكارییه له یاسای ژماره 3ی ساڵی 1999ی په‌رله‌مانی كوردستان، كه تایبه‌ته به هاوڵاتیانی ونبوو (بزربوو)ی كورد له ساڵانی 1980 تا كۆتایی 1991 به‌هۆی سیاسه‌ت و هه‌ڵمه‌ته‌كانی رژێمی به‌عسی عیراقییه‌وه.
داعش له ئابی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا، شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفاند، له‌و ژماره‌یه هێشتا زیاتر له دوو هه‌زار و 700 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی یاسای بزربوان له هه‌رێمی كوردستان، دوای تێپه‌ڕینی چوار ساڵ به‌سه‌ر كه‌سی ونبودا، له‌سه‌ر داوای كه‌سوكاری ده‌توانرێت بڕوانامه‌ی مردن (شه‌هاده وه‌فات)یان بۆ ده‌ربكرێت.
خه‌یری عه‌لی ئیبراهیم، لێپرسراوی رێكخراوی ئێزیدییان بۆ دیكیۆمێنتکردن لە شنگال دەڵێ: چه‌ندین كۆبونه‌وه و وۆرشكشۆپیان له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی حكومی، كه‌سانی یاسایی و كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن و ونبوندا كردووه ده‌رباره‌ی هه‌مواری یاساكه، تا ناوهێنانی ونبوانی ئێزیدی له‌و یاسایه‌دا ببێته پاڵپشت بۆ كه‌سوكاریان له هه‌موو كۆنگره نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.