بێ كارەبایی نەتەوەكانی كەركووك یەكدەخات

دەنگ نیوز

لەیەككاتدا عەرەب، كورد و توركمان لە حكومەتی خۆجێی كەركوك و لە پەرلەمانی عیراق یەكدەنگ دژی حكومەتی فیدراڵ دەوەستنەوە و مۆڵەتی یەك هەفتەی پێدەدەن تا كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی زیادبكات، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزایی هاوڵاتیان كە ئەگەری هەیە بۆ خۆپیشاندان سەربكێشێت لە رۆژانی داهاتودا.

لە ئێستادا حكومەتی فیدراڵ تەنیا شەش كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیی بە هاوڵاتیانی پارێزگای كەركوك دەدات، كە بەپێی ئیدارەی كەركوك و بەدواداچونی نوێنەرانی هەرسێ نەتەوەكە لە پەرلەمانی عیراق، لەسەدا كەمتر لە سێی كۆی گشتی كارەبای عیراق دەكات. ئەوەش “كەمترین بڕە لە ئاست هەر 18 پارێزگاكەی عیراق”.

بونی شەش كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لەكاتێكدایە مۆلیدە ئەهلییەكانیش ئامادەنین بەرپرسیارێتی پێدانی 18 كاتژمێرەكەی تر لە كارەبا بگرنەئەستۆ، بەهۆی كەمی گازی پێویست و بەرزبونەوەی نرخەكەی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا. لەو بێنەوبەردەیەشدا هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن.

راكان سەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی “هۆكاری سەرەكی كێشەی كارەبای كەركوك، بەغدایە و حكومەتی فیدراڵ پشكی پێویستی كارەبای كەركوك وەكو پێویست نادات، ئەگەر کێشەکە تەکنیکی بێت یان بە ئەنقەست بێت، ئەوە ئێمە دەچینە لای وەزیری کارەبا و داوای بەشە کارەبای شارەکە دەکەین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *