عێراق… یوئێن پڕۆژەیەكی لە دژی گەندەڵی راگەیاند
دەنگ نیوز
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ( UNDP ) لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا رۆژی دووشەممە 24ی ئایار کۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی ڕێکدەخەن بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەک بەبەهای 15 ملیۆن یۆرۆ بە ئامانجی بنبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوێنەرایەیەتی یوئێن لەعێراق ، پڕۆژەکە کە ڕۆژی دووشەممە لە بەغدا دەست پێدەکات هەریەك لە نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا ، نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ، نوێنەرانی حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی باڵای دادوەری ودەستەی نەزاهەو هەروەها نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی نەزاهە ، ئامادەی دەبن .
زینە عەلی، نوێنەری یوئێن لە عێراق رایگەیاندووە، پرۆژە بەبەهای 15 ملیۆن یۆرۆکە ئامانج لێی کەمکردنەوەی گەندەڵییە لە عێراق.
وتیشی، گرنگی و کاریگەری پرۆژەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە عێراق ئەجێندایەکی چاکسازی دژی گەندەڵی بەهێز هەیەئەوەش دەبێتە هۆی باشترکردنی خزمەتگوزاری گشتی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسا و لێپرسینەوە لە ڕێنماییە نیشتیمانیەکان.
راشیگەیاندووە، کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی گەندەڵی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیانی عێراق و ئەو دامەزراوە گشتیانەی خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن.